مه‌وله‌وی ، شاعیری ریالیزم، کلاسیزم و سوفیزم
خامه شه‌ق وه‌رده‌ن ده‌م مهکردهوه
زار زار مهناڵو وه ده‌م ده‌رده‌وه
توپا، شکسته‌ی به‌رد هه‌رده‌ی ده‌رد
چه‌م کور مه‌ینه‌ت، ته‌ن لاغر، ڕه‌نگ زه‌رد!
"مه‌وله‌وی"
باده‌نۆشی خانه‌دانی تاوه‌گۆزی، ئارایشدهری به‌ره‌بابی شاهۆی، پیغه‌مبه‌ری شعری سه‌ده‌ی ڕابوردوو، شۆڕش گێڕی باوه‌ڕی تازه نۆ، شه‌یدا به‌نووری پاکی یه‌زدان، مه‌فتوون به سۆزی ناڵه‌ی ده‌روێشان. پێشه‌نگی کاروانی دوورناسان، خهرقهپۆشی ئاهه‌نگی مه‌ی نۆشان، مه‌له‌وانی ده‌ریای بیر تیژیی، شۆڕه‌سواری سارای نوکته بێژی، دڵی ڕووناک بووه به ڕووناکی خاوه‌نی جیهان، زمانی گویا بووه به ده‌نگی فریشته‌ی ئاسمان.
شابازی خه‌یاڵی هه‌ر ده‌م له میرغوزارێکا بۆنی گوڵێکی کردووه، ده‌می به سۆزی پیری پیران و ناڵه‌ی جه‌رگی ده‌روێشان، ده‌می به ده‌ربڕینی گه‌وهه‌ری نوکته به یادی نیازی ئازیزان، ده‌می به باسی ڕشتنی ئاوی شه‌تاوان و هاژه هاژی تاڤگه‌کان! که‌وابوو مه‌وله‌وی هه‌م خۆشخوانیی حه‌قپه‌ره‌ستی بووه، هه‌م نهوخوانی به‌زمی سه‌رمه‌ستی!!...
شاعیری به‌رزی ئاسمانی کورده‌واری؛ "مه‌وله‌وی" ناوی "عه‌بدولڕه‌حیم" و کوڕی "مه‌لا سه‌عید" و نازناوی (مه‌عدووم) و ناوبانگی "مه‌وله‌وی"ه و به شه‌ش پشت ئه‌چێته‌وه سه‌ر (مه‌لا ئه‌بوبه‌کری موسهنف) خاوه‌نی کتێبی "الوزووح" و له بنه‌ماڵه‌ی پیرخدری شاهۆیه... "مه‌لا یوسف جان" که یه‌کێک بووه له نه‌وه‌کانی مه‌لا ئه‌بوبه‌کر له "چۆڕ"ی مه‌ریوانه‌وه چووه‌ته "تاوه‌گۆز"ی جوانڕۆ و ئاوای کردووه‌ته‌وه و تیایا دانیشتووه. ئه‌و شوێنه کانی و سه‌راوێک بووه و بێ ئاوه‌دانی داری "تاوگ" و "گوێز"ی لێ بووه، پاشان دێیه‌که هه‌ر به‌و ناوه‌وه نابانگ ئه‌ستێنێ و له وتندا بۆ سووکی ئه‌بێ به "تاوه‌گۆزی".
به پێی ئه‌و به‌ڵگه‌ی که له کتێبی (سدیق بورهکهی) هاتووه، مه‌وله‌وی له دێی (یاقشڵاخ)ی سه‌رشاته له ناوچه‌ی (تاوه‌گۆزی) پێی ناوه‌ته مه‌یدانی ژیانه‌وه. هه‌ر له سه‌رده‌می مناڵیدا ماڵی باوکی کۆچی کردووه‌ته گوندی (بێژاوه).
مه‌وله‌وی له ساڵی 1806ی میلادی له سه‌رشاته‌ی خواروو له دایک بووه. ناوبراو له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئایین و زانست په‌روه‌ری ناسراوی کورده، هه‌روه‌ها مه‌لا ئه‌بووبه‌کری مهسهنیفی چۆڕیی باپیری زانایه‌کی دیار بووه و کتێبی "الاسوول"ی داناوه که تایبه‌ته به مه‌سه‌له تیورییه‌کانی ئایینی ئیسلام.
باوکی مه‌وله‌ویش مه‌لای چاک و زانا بووه، له گوندی بێژاوای نزیک هه‌ڵه‌بجه، حوجره‌ی هه‌بووه و وانه‌ی وتووه‌ته‌وه. مه‌وله‌ویش هه‌ر له‌وێ نێردراوه‌ته به‌ر خوێندن. به ده‌ستووری فهقیێکانی ئه‌و سه‌رده‌مه، مه‌وله‌وی بۆ خوێندن و له زانست گه‌ڕان شاره‌و شار‌و گونداو گوندی له کوردستانی عێراق و ئێران‌دا کردووه، له هه‌ڵه‌بجه، خوڕماڵ، بیاره، ته‌وێڵه، سلێمانی، پاوه، چۆڕ، سنه و گه‌لێ شوێنی تر ژیاوه و خوێندوویه‌تی.
دوای مردنی باوکی مه‌وله‌وی ناچار بووه، بۆ به خێو کردنی خێزانه‌که‌یان بۆ ماوه‌یه‌ک ده‌س له خوێندن هه‌ڵگرێ. پاشان چووه‌ته جوانڕۆ و سه‌ر له نوێ تێهه‌ڵچووه‌ته‌وه و له‌وێشه‌وه بۆ سنه و ماوه‌یه‌ک له‌وێ سه‌قام گیر بووه. مه‌وله‌وی له سه‌رده‌ستی زانای به‌ناوبانگ و موفتی سلێمانی ئه‌و ڕۆژگاره مه‌لا عه‌بدولڕه‌حمانی نۆتشه‌ییدا خوێندنی ته‌واو کردووه و ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رگرتووه. "ڕای جیاواز ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ش هه‌یه که له کوێ و له سه‌ر ده‌ستی کێدا مه‌وله‌وی خوێدنی ته‌واو کردووه، بۆ نموونه عه‌لائه‌دین سه‌جادی نووسیوویه‌تی، که له سنه و له مزگه‌وتی دارولئهحسان له سه‌رده‌می ڕه‌زا قولی خانی ئه‌میری ئه‌رده‌ڵاندا لای مه‌لا ئه‌حمه‌دی نوتشه‌یی ئیجازه‌ی وه‌رگرتووه". مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیس ئه‌م بۆچوونه‌ی لا ته‌واو نییه و ده‌ڵێ: "مه‌لا ئه‌حمه‌دی نوتشه‌یی ساڵی 1872 له سنه مه‌لایه‌تیی نه‌کردووه و مه‌وله‌وی له‌و ساڵانه‌دا ته‌مه‌نی 66 ساڵێک بووه. مه‌وله‌وی شیعرێکی هه‌یه که به حیسابی ئه‌بجه‌د ئاماژه‌ی ساڵی هاتنه دنیای مه‌لا ئه‌حمه‌دی نوتشه‌یی کردووه که ساڵی 1229ک/1813ز. ده‌کا. جا وه‌ک ده‌رده‌که‌وێ مه‌وله‌وی هه‌شت ساڵێک له مه‌لا ئه‌حمه‌دی نوتشه‌یی گه‌وره‌تر و ڕێشی تێ ناچێ مه‌وله‌وی لای ئه‌م و له‌م ته‌مه‌نه گه‌وره‌یه‌دا ئیجازه‌ی وه‌رگرتبێ. مه‌وله‌وی له‌وکاتانه‌دا شۆره‌ت و ناوبانگی زانایی له‌و ناوچانه‌دا ڕۆیشتووه‌و ئیقلیمگیر بووه".
دوای خوێندن ته‌واو کردن، مه‌وله‌وی له گوندی چرۆستانهی نزیک هه‌ڵه‌بجه بووه به مه‌لا و ده‌رسی به فه‌قییان وتووه.
هه‌ر له سه‌ره‌تای لاوییه‌وه مه‌وله‌وی به هه‌ستی شاعیرانه‌ی سه‌ودایه‌کی سۆفییه‌تی له سه‌ردا بووه و بۆ ڕێگای ڕاست گرتن و له یه‌زدان نزیک بوونه‌وه‌ش ویستوویه‌تی سلووک بکا، بۆیه ڕووی کردۆته ته‌وێڵه و لای شێخ عوسمانی سیراجه‌دین، که یه‌کێک له خه‌لیفه دیاره‌کانی مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی بووه، ته‌ریقه‌تی وه‌رگرتووه.دوای بوون به موریدی شێخی سیراجه‌دین، به گوێره‌ی داب و ڕه‌وشتی سۆفییان، خه‌ڵوه‌تی خوا ناسیی خۆیی په‌ره‌پێداوه.
مه‌وله‌وی شاعیرێکی ڕاستگۆ و خاوه‌ن هه‌ڵوێست بووه. داکۆکیشی له حه‌ق و ڕاستی کردووه و هه‌رچی شتێکی پێی ڕاست نه‌بووبێ له دژی وه‌ستاوه و ژیانی دنیایشی بۆ خۆی ئه‌وه‌نده لا مه‌به‌ست نه‌بووه. مه‌وله‌وی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ده‌سڵاتدارانی ئه‌و کاتی کوردستاندا پێوه‌ندی باشی هه‌بووه. بۆ نموونه له‌گه‌ڵ به‌گزاده و پاشاکانی جاف‌دا پێوه‌ندی هه‌بووه‌و له‌و بواره‌شدا هۆنراوه‌ی بۆ هۆنیوونهتهوه. ئه‌م هۆنراوهشییه بۆ مه‌حموود پاشای جاف هۆنیووه‌ته‌وه:
چیش واچۆ (مه‌عدووم) خه‌سته‌ی مههجووریت
حاڵ دیده و دڵ جه ده‌رد دووریت
بدیه به‌و دهجلهی بێ که‌ناره‌دا
ڕهوانهن وه به‌ین به‌غدا شاره‌دا
سه‌یرکه‌ر ئه‌و گه‌رماو شه‌راره‌ی تاوه
هوهیدان هامن جه لای به‌غداوه
ئه‌و ئاخر وشکاو ئه‌سرین دیده‌م
ئید دما نه‌فه‌س دڵه‌ی خه‌م دیده‌م
جه‌و گه‌رماو جه‌و ئاو به‌ر گوزیدهکهم
ته‌فتیش که‌ر حاڵات دڵه و دیده‌که‌م!
جارێکیان مه‌وله‌وی ئه‌چێته دیداری مهحمووپاشای جاف. کاتێ ئه‌گاته به‌ره‌وه، ئه‌بینێ ئافره‌تێکی فرهجوان و زه‌ریف گۆشه‌ی ڕه‌شماڵه‌که به‌رز ئه‌کاته‌وه و سه‌یری مه‌وله‌وی و هاڕێیهکانی ئه‌کا. جا مه‌وله‌ویش دهسودهم ئه‌م دوو به‌یته ئه‌لێ:
گۆشه‌ی سیاماڵ هۆردا ودیاوه
چون مانگ نه گۆشه‌ی هه‌ور سیاوه
چه‌رده‌یه‌کی زۆری ژیانی مه‌وله‌وی په‌یوه‌ندی قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئه‌رده‌ڵانه. ئاشکرایه مه‌وله‌وی له پێته‌ختی ئهمارهتدا خوێندوویه‌تی و دواتر وه‌ک شاعیر و زانا ناوبانگی ده‌رکردووه و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ زانایان و ئه‌دیبان و میره‌کانی ئه‌م هه‌رێمه‌دا هه‌بووه. که‌سایه‌تی و زانایی و به‌رهه‌می مه‌وله‌وی بۆ ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری ئه‌ماره‌ت گرنگ و پڕ بایه‌خ بوون. مه‌وله‌وی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیسامولدهوله موراد میرزا دا هه‌بووه که ساڵی 1876 فه‌رمانداری کرماشان بووه. (شایانی باسه موراد میرزا له نامه‌یه‌کدا چ به که‌سایه‌تی و چ به شیعر مه‌وله‌وی تاوه‌گۆزی به مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی ڕۆمی (مه‌وله‌وی) ده‌چڕێنێ و ده‌ڵێ:
ئه‌ی تۆ زاتت ههمچوو زات مولوی
وی کلامت چون کلام مه‌سنه‌وی
فه‌رهاد میرزای برای موراد میرزا داوای له مه‌وله‌وی کردووه که بچێته یه‌کی له شاره گه‌وره‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و و له‌وێ مه‌لایه‌تی بکا، به‌ڵام شاعیر زێدی خۆی به جێی نه‌هێشتووه‌و مه‌فته‌ن و خه‌ڵکی خۆیی به هه‌موو کلووری دنیا نه‌گۆڕیوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها له ماوه‌ی ژیانی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی سلێمانییدا، مه‌وله‌وی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌میره‌کانی بابان‌دا به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د پاشای بابان‌دا هه‌بووه. ئه‌حمه‌د پاشا خۆشی زانا و شاعیر و ئه‌ده‌ب دۆست بووه و کتێبی "ته‌فسیری به‌یزاوی"ی پێشکه‌شی مه‌وله‌وی کردووه و ئاهه‌نگێکی گه‌وره‌ی ئیجازه وه‌رگرتنیشی بۆ ساز کردووه.
به نامه و شیعره‌کانی دا دیاره مه‌وله‌وی په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ربڵاوی هه‌بووه و له هه‌موو لایه‌کی وڵاته‌که‌یدا هاوڕێ و دۆستی هه‌بوون. یه‌کێکی دی له‌و دۆستانه‌ی مه‌لا محه‌مه‌د ساڵحی فهخرولعولهمایه، که له بنه‌ماڵه‌ی به‌ناو بانگی مه‌ردۆخی بووه. ده‌رباره‌ی هه‌ندێ لایه‌نی تری ژیانی مه‌وله‌وی زۆر که‌م زانراوه. زۆر ساکار و خاکی ژیاوه، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی بووه زیاتر دنیا فیکری و گیانییه‌که بووه. هه‌ر چه‌نده هه‌ندێ پێشنیاری بۆ کراوه بچێته شاره گه‌وره‌کان و مه‌ڵبه‌نده کولتوورییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه، به‌ڵام کارێکی لایه‌ق و شیاوی ته‌واو بۆ ژیان و گوزه‌رانی مه‌وله‌وی نه‌کراوه.
ئاشکرایه عه‌نبه‌ر خاتوون خێزانی مه‌وله‌وی بووه، که له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئه‌فغانی بووه و که‌سوکاری هاتوونه‌ته کوردستانی بابان و له ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه نیشته جێی بوون. مه‌وله‌وی عه‌نبه‌ر خاتوونی ئێجگار خۆش ویستووه و ژیانێکی خێزانی به‌خته‌وه‌ریان پێکه‌وه به سه‌ر بردووه. مردنی عه‌نبه‌ر خاتوون یه‌کێک بووه له‌و کاره‌ساته پڕ ناسۆرو خه‌م هێنه‌رانه‌ی که ژیانیان له مه‌وله‌وی تاڵ و هه‌راسان کردووه. مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیس ده‌فه‌رموێ: "گه‌لێ پارچه شیعری ناسکی پڕسۆزی له لاواندنهوهیا(هی عه‌نبه‌ر خاتوون دا) وتووه که به‌رزترین نموونه‌ی شیعری خۆشه‌ویستی و لاواندنه‌وه‌ن له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا.
مه‌وله‌وی منداڵ و نه‌وه‌ی له دا‌و جێماوه و تا ئێستاش خانه‌واده و خزمی له ناو خه‌ڵکدا هه‌ر خاوه‌ن ڕێز و قه‌درن. شاعیر سه‌فه‌ری زۆری کردووه و شار‌و دێهاتی کوردستان و ئه‌و ناوچانه و وڵاتانه‌ی ده‌وروبه‌ر گه‌ڕاوه. نیازی چوونه حه‌جیشی هه‌بووه، به‌ڵام ته‌گه‌ره‌یه‌ک که‌وتووه‌ته ڕێگه‌ی به‌دیهێنانی ئه‌م نیازه‌ی. مه‌وله‌وی قسه خۆش و حازر به ده‌ست و نوکته زان بووه. له لای خه‌ڵکی تاوه‌گۆزی هه‌ر به باوه مه‌وله‌وی به‌ناوبانگه و سوێندی گه‌وره‌ش هه‌ر به گۆڕی ئه‌م ده‌خورێت. پیرۆزییه‌تی ناو و که‌سایه‌تی مه‌وله‌وی گه‌یشتووه‌ته ڕاده‌یه‌ک ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی سه‌ر به ئایینی "ئه‌هلی حه‌ق"یش که چی په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته و خۆیان به ئایینی ئیسلامه‌وه نییه، به پیاوی خوا‌و چاو کراوه و ڕاستی بۆ ده‌رکه‌وتووی ده‌زانن.
له دوا ساڵه‌کانی ژیانیدا مه‌وله‌وی گه‌لێ کاره‌ساتی جگهربڕی تووش هاتووه. عه‌نبه‌ر خاتوون کۆچی دوایی کردووه، کتێبخانه‌که‌ی سووتاوه، ده‌بێ چ شیعر و به‌رهه‌می ناسک و جوانی تێدا سووتابێ! جا شاعیر له‌و پێوه‌ندیه‌دا ئاوه‌ها ده‌ڵێێ:
بڕیان تای ڕوباب قافیه خوانیم
نه‌مه‌نده‌ن تاقه‌ت عیباره‌ت زانیم
ده‌مه‌ی هه‌ناسه‌ی گه‌رم تارهکهم
نه کووره‌ی ده‌روون پڕ جه خاره‌که‌م
ئایر دان حوجره‌ی دڵه‌ی پڕ ده‌ردم
سوچنان کتاو مه‌جمووعه‌ی فه‌ردم
باسی ده‌ردی پیری و گیروگرفتی ئه‌م قۆناغه خه‌م هێنه‌ره‌ی ته‌مه‌ن له شیعره‌کانی مه‌وله‌وی دا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه. ئه‌م شیعرانه‌ش پڕن له خه‌می قووڵی مرۆڤ له ئاست ئه‌و ته‌لیسمه ههڵنههاتووهی هه‌ستیدا واته مردن. هه‌ر چه‌نده شاعیر پاساو و سه‌بووریی له دنیای ئایدیالیی خۆیدا بۆ ئه‌م کاره‌ساته لا هه‌یه:
واده‌ی سفیدی شکۆفه‌ی پیرین
شکۆفه‌ی باغچه‌ی پیری دڵگیرین
شکۆفه‌ی باغچه‌ی پیری سفیدهن
سه‌رمایه‌ی میوه‌ی عیرفان هه‌ر ئیده‌ن
نه باغچه‌ی سونبوڵ تار مووی تاردا
سۆی شکۆفه‌ی پیریم دیاردا
باقه‌ی زویری و زاری و دڵگیریم
په‌ی په‌ی زیاد که‌رد په‌ژاره‌ی پیریم
ئاخر ڕۆی وه‌هار نه‌و جوانیمهن
ئه‌وه‌ڵ ڕۆی پاییز زیندهگانیمهن
هه‌ناسه‌م چوون بای خه‌زان مهخێزۆ
په‌ی په‌ی به‌رگ شاخ شادی‌م مهڕێزۆ
خه‌ده‌نگ باڵام چه‌مان که‌مان وه‌رد
ڕاست وه نیشانه‌ی فه‌نا ڕوو ئاوه‌رد
حه‌وت ساڵیش پێش له دنیا ده‌رچوون، دیده‌کانی مه‌وله‌وی لێڵاییان داهاتووه. گه‌لێ شیعری ناسکی ده‌رباره‌ی جاران و سه‌رده‌می چاوساغی وتووه که هه‌مووی ئاخ هه‌ڵکێشانه بۆ شه‌نگیی سرووشت و ده‌وروبه‌ر و چێژ له جوانی وه‌رگرتنی. له هۆنراوه‌یه‌کی دا باس له عه‌شقی ئاگرینی ده‌کا و به پیر ده‌ڵێ وه‌ره ناوچاومه‌وه ئێستا واده‌ی به‌یه‌ک گه‌یشتنه، چوونکه جاران بینایی ده‌بووه مڵۆزم. لێره‌دا هه‌ر مانایه‌کی تریشی هه‌یه، واته تۆ وه‌ره چاوم ڕۆشن که‌ره‌وه و جێی بینین بگره‌وه:
وه‌خت چه‌م نه چه‌م شێوه‌ت دیار بی
جه‌لام فه‌سڵ وه‌سڵ به‌زم ئه‌غیار بی
ئێسته لێڵایی گرته‌ن دوو دیده
خه‌ڵوه‌ته‌ن، سا بۆ ئه‌ی به‌ر گوزیده!
مه‌وله‌ی ساڵی (1882) کۆچی دوایی کردووه. ڕۆژێکیان ئه‌چێته سهرپرسهی دۆستێک له گوندی "پریس"، له گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ زێدی خۆی له به‌ر ئه‌وه‌ی نابینا بووه، کابرایه‌ک وڵاخه‌که‌ی ڕاکێشاوه، خۆی به کابرای وتووه که گه‌یشتینه داره‌که‌ی لای "هانه سووره" (گووندێک بوو نزیک هه‌ڵه‌بجه) ئاگادارم بکه با سه‌ر دانه‌وێنم. کابرا له بیری ده‌چێ و مه‌وله‌وی سنگی ده‌دا به دارهکهداو ده‌که‌وێته خواره‌وه‌و پشتی ده‌شکێ و بۆ یه‌کجاری دڵه گه‌وره‌که‌ی له لێدان ده‌که‌وێ و له گۆڕستانی "ئه‌سحابه"ی نزیک "سه‌رشاته" به خاکی ده‌سپێرن. مه‌وله‌وی کۆمه‌ڵێ به‌رهه‌می فه‌لسه‌فی و ئه‌ده‌بی و ئایینی بۆ به جێی هێشتووین له خواره‌وه ئاماژه‌یان بۆ ده‌که‌م:
1. "الفهزیله" ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی به عه‌ره‌بی و به شیعر نووسیووه که له 2031 بهت پێک هاتووه، ساڵی 1868 ته‌واوی کردووه، باسی زانستی ئوسوولی ئایینه. گه‌لێ لایه‌نی فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی، زانستی که‌لامی له‌م به‌رهه‌مه‌یدا باس کردووه. بۆ نموونه ئه‌مانه هه‌ندێکن له سه‌ر باسه‌کانی:"باسی زانستی که‌لام و ڕوون کردنه‌وه‌ی بابه‌ت و مه‌به‌ستی ئه‌م زانسته"، "ئایا زانست سنووری بۆ هه‌یه؟"، چبوون دانه‌به‌ر زه‌ین"، "به‌ش کردنی بوون(هه‌ستی)"، "ماهییه‌ت"، "قه‌دیم و حادس"، "هۆ و هۆکار"، "چه‌ند و چوون" و هتد...
2. "العقیده المهرزییه". کتێبێکی کوردییه به شیعر نووسیوویه‌تی، 2452 به‌یته. ده‌رباره‌ی بیر و باوه‌ڕی فیرقه‌ی ئهشعهرییهیه. له‌م کتێبه‌دا مه‌وله‌وی له هه‌ندێ چه‌مکی وه‌کوو. "باوه‌ڕ"، "بوون و پێویستی"، "باوه‌ڕ و یه‌زدان"، "زانست و ژیان"، "جوانی و ناشیرینی" و گه‌لێ مه‌سه‌له‌ی تر دواوه.
3. "الفوائح". کتێبێکه به شیعره و به زمانی فارسی هۆنراوه‌ته‌وه که له هه‌زار بهت زیاتره. له‌میاندا مه‌وله‌وی له هه‌ندێ چه‌مکی وه‌کوو سیفاتی خوا‌و کرداری و نه‌زانینی ڕاستیی ته‌واو ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی چۆن بوون و دنیای دروستکردووه، دواوه. محه‌یه‌دین سه‌بری نه‌عیمی کانی مشکانی ئه‌م کتێبه و "عه‌قیده‌ی مه‌رزییه"ی به‌یه‌که‌وه ساڵی 1932 له قاهیره‌ی پێته‌ختی میسر له چاپ داوه.
4. "عه‌قیده‌ی مه‌وله‌وی". ئه‌م کتێبه‌ی له 110 به‌یت پێک هاتووه و شیعری کوردییه. دیاره ئه‌مه‌ی بۆ سوخته و قوتابیی نوێ ده‌ست پێکردووه و بۆ ڕاهێنان له سه‌ر بیر‌و باوه‌ڕی سه‌ره‌تاییه‌کانی ئیسلام داناوه. شێخ عه‌لی قه‌ره‌داخی له به‌غداد ساڵی 1977 له چاپی داوه و به‌ڵاوی کردووه‌ته‌وه.
5. نامه‌کانی مه‌وله‌وی سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌که‌ڵکی زانینی هه‌ندێ لایه‌نی ژیانی مه‌وله‌وین. 38 نامه‌ی به ده‌ست که‌وتوون. مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیس بۆ یه‌که‌م جار ساڵی 1983 له به‌رگی دووهه‌می "یادی مه‌ردان" له‌و به‌شه‌دا که بۆ ژیان و به‌رهه‌می مه‌وله‌وی ته‌رخان کراوه به‌ڵاوی کردوونه‌ته‌وه. نامه‌کانی باسی هه‌ست و دڵسۆزیی شاعیرن بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی بۆی نووسیوون. پڕن له ڕێز و خۆشه‌ویستی و سۆز و به گه‌لێ زاراوه‌ی سۆفییانهش ڕازاونه‌ته‌وه. نامه‌کان به فارسی نووسراوون و جار‌و بار شیعری کوردی و عه‌ره‌بییان تێهه‌ڵکێش کراوه. له ڕووی هۆنهریشهوه چ وه‌ک شێوه‌ی نامه نووسین و چ وه‌ک ئاستی به‌رزی په‌خشانی مه‌وله‌وی نرخ و بایه‌خی خۆیان هه‌یه.
هه‌ر وه‌ها نامیلکه‌یه‌کی له باره‌ی سه‌لماندنی ڕاست و درووستی "ڕابته"ه‌وه، پێوه‌ندی که یه‌کێکه له ئادابی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی به فارسی نووسیوویه، به‌ڵام هێشتا له چاپ نه‌دراوه.( دیاره من ئاگام لێ نیه گه‌ر له چاپ درابێ).
دیوانی شیعری – لیریکای مه‌وله‌وی به‌هادارترین به‌رهه‌می ئه‌وه و بۆ سه‌رجه‌م ئه‌ده‌بی کوردیش پایه و جێگه‌ی گرنگ و تایبه‌تی خۆیی هه‌یه. مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیس بۆ یه‌که‌م جار به شێوه‌یه‌کی زانستی وتا ڕاده‌یه‌کیش به‌ڕه‌چاو کردنی تێکستۆلۆگییهوه ساڵی 1961 دیوانی مه‌وله‌وی له به‌غداد به‌ڵاو کرده‌ووه‌ته‌وه. پێشه‌کییه‌کی پێنچ لاپه‌ڕه‌یی و دوانزه لاپه‌ڕه‌ش ژیاننامه‌ی مه‌وله‌وی له سه‌ره‌تای دیوانه‌که‌دا نووسیووه. ئه‌م دیوانه 2426 به‌یته. مه‌وله‌وی هه‌م شیعری سۆفییانه و هه‌م شیعری کلاسیکی هۆنیوه‌ته‌وه.
مه‌وله‌وی له خاتوو عه‌نبه‌ری ژنی چوار کوڕی بووه، شێخ محه‌مه‌د، شێخ ئه‌حمه‌د، شێخ مه‌حمود و سه‌ید عه‌بدوڵا. له ژنێکی تریشی سێ کوڕی تری بووه. سه‌ید ته‌ها، سه‌ید حه‌سه‌ن و سه‌ید حوسه‌ین. برایه‌کیشی بووه "مه‌لا سهعدالله"ی ناو بووه.
بێ گومان مه‌وله‌وی به‌رزترین شاعیری سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌می کورده. تاکوو ئه‌م مێژووه وبگره هی پێشه‌وه‌ش نه وه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر به‌راوردی خه‌یاڵی شیعری مه‌وله‌وی له‌گه‌ڵ شاعیره‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌می غه‌یری کوردا بکرێ هه‌موو زمان و قه‌ڵه‌مێک دان به‌وه‌دا ده‌نێ که فیکری به‌رزی مه‌وله‌وی له سه‌ر هه‌موویانه‌وه‌یه. نازکی خه‌یاڵ، تێژی بیر، وردی مه‌عنا، جوانی وشه‌و ڕاکێشانی دڵ به "عبارت"ی ڕه‌نگین و بزواندنهوی ته‌لی عاتفه، مه‌گه‌ر هه‌ر له ده‌ست مه‌وله‌وی هاتبێ. یان خود مه‌گه‌ر هه‌ر خاتوو عه‌نبه‌ر توانیبێتی له په‌رده‌یه‌کی نهێنیه‌وه خۆی بنوێنێ بۆ مه‌وله‌وی بۆ ئه‌وه قاپیی شیعری بۆ بکرێته‌وه‌و ببێ به‌و مه‌وله‌وی یه‌ی که قه‌ڵه‌م له باسی شیعر و زه‌وقیدا کوله!...
مه‌وله‌وی هۆگری شیعری ئه‌حمه‌د به‌گی کۆماسی و مه‌لا مسته‌فای بێسارانی بووه. ناوبراو به سۆزێکی مه‌عنه‌ویه‌وه ڕوو ئه‌کاته مه‌یدانی ستایش بێژانی له‌ش و لاری خاڵ خاسان، با یادی دۆستێکی دێرینه‌وه باده‌ی مه‌ینۆشانی دۆست په‌روه‌رانی ڕاستی ئه‌نێته سه‌ره‌وه، ته‌لی هه‌ستی به شاپه‌ڕی خۆشه‌ویستی ئه‌و دۆسته‌ی ده‌نگ ئه‌داته‌وه‌و ئه‌ڵێ:
چوون چهرهی خه‌یاڵ ڕۆخسارهکهی ویش
نه په‌رده‌ی دڵه‌ی "مه‌عدووم"ی دڵڕیش
نمانا جه بین شای سۆسه‌ن خاڵان
که‌م که‌م نه گۆشه‌ی لای سیا ماڵان
نه تۆی تاریکی نای شه‌ده‌ی بێ گه‌رد
له‌تافه‌ت چوون ئاو حه‌یات مه‌وج مه‌وه وه‌رد!
له‌و هۆنراوه‌دا ئه‌ڵێ وه‌کوو په‌یکه‌ری خه‌یاڵی ڕوومه‌تی خۆی له په‌رده‌ی دڵی مه‌عدوومی دڵ برینداره‌وه شای سۆسه‌ن خاڵان ناوچه‌وانی ده‌رخست!... له کوێ ده‌ری خست؟ له گۆشه‌ی ده‌واری ڕه‌شه‌وه! کاتێکت زانی ئه‌وا له ناو تاریکایی شه‌ده‌و پۆشینی ڕه‌شا که له سه‌ری ئاڵاندبوو، وه‌یا زۆڵفه ڕه‌شه‌کانی جوانی نازکی ده‌موو چاوی وه‌کوو ئاوی ژیان له ناویا شه‌پۆلی ئه‌دایه‌وه...
با بزانین کاتێک دۆستێکی تووشی ههڵهمات ده‌بێ ، مه‌وله‌وی بۆ ڕزگار بوونی به‌ده‌ست ئه‌و ئهنفلاوهنزهوه چی بۆ پێشنیار ده‌کا به پارچه هۆنراوه‌یه‌ک:
شنهفتم دوور با له‌یل زوکامشهن
دیشوار باڵای نه‌و نهمامشهن
هه‌ناره‌که‌ی دڵ پڕ جه دانه‌ی ئێش
پیشیای کووره‌ی نار عه‌شق و ئێش
به مه‌ودای موژگان سۆراخش که‌رۆ
وه گه‌رمی نیشان ده‌ماخش ده‌رۆ
مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیس وه‌های لێکداوه‌ته‌وه:"بیستوومه له‌یل، دوور بێی لێی هه‌ڵامه‌تیه‌تی وه باڵای نه‌ونه‌مامی ناڕه‌حه‌ته. دڵه‌ی وه‌ک هه‌نارم که پڕه له ده‌نکی ئێش و ئازار، له ناو ته‌نووری ئاگری عه‌شقی خۆ‌یا بپیشێنێ، وه به تیغی برژانگی خۆی کونی کاو بۆنه‌که‌ی هه‌ڵمژێ چاک ئه‌بێته‌وه. به کورتی هه‌نارێ بپیشێنێ و کونی بکاو بۆنی پێوه بکا.(ل.322)
مه‌عدووم هه‌میشه له ژیانیدا خه‌م و خفهتی هه‌بووه و بیری له خه‌فه‌ت کردووه‌ته‌وه و ڕۆژێکیان ده‌که‌وێته بیری براده‌ره‌کانی ناوچه‌ی زه‌هاو و ئه‌م پارچه هۆنراوه‌یه‌ی به‌و بۆنه‌وه داناوه:
دڵه‌ی خه‌م خه‌یاڵ جۆش ئاوهردهوه
مه‌عدووم هه‌م هه‌وای (زه‌هاو) که‌رده‌وه
زرنگه‌ی سه‌دای ساز جه ڕیشه‌ی ئه‌عزام
که‌مانچه ده‌ستوور ماوه‌رۆ مه‌قام ...
واته دڵه‌که‌م که له به‌ر زۆریی خه‌م و خه‌فه‌تی خۆی هه‌میشه بیر له خه‌فه‌ت ئه‌کاته‌وه، دیسانه‌وه هاته‌وه جۆش و منیش خه‌یاڵی سه‌فه‌ری زههاوم که‌وته‌وه سه‌ر. له به‌یتی دووهه‌م دا وه‌ها ده‌ڵێ: زرنگه‌ی ده‌نگ دانه‌وه‌ی ئه‌و سازه‌ی که دروست کراوه له ڕیشه‌ی ئه‌ندامانی له‌شم، وه‌ک که‌مانچه ئاوازی لێ دێ. مه‌وله‌وی له‌م شیعره‌دا له‌شی خۆی شوبهاندووه به ساز و ده‌ماره‌کانی له‌شی شوبهاندووه به تاڵه‌کانی ژێی سازه‌که، و له به‌ر زۆریی ئازاری له‌شی، زریکه‌یه‌کی به خه‌یاڵ بۆ داناوه و ئه‌و زریکهیهی شوبهاندووه به‌و ئاوازه‌ی له که‌مانچه به‌رز ئه‌بێته‌وه. (دیوانی مه‌وله‌وی ل. 243)
دیسان مه‌وله‌وی له کاتی کۆچ و کۆچباری خه‌ڵکدا له داڵههۆوه به‌ره‌و ده‌شتی زه‌هاو له پاوه‌وه ئه‌م هۆنراوه‌ی خواره‌وه‌ی هۆنیوه‌ته‌وه:
شه‌ماڵ، دارانه‌ن.. شه‌ماڵ، دارانه‌ن..
زه‌ردیی ڕه‌نگ نه ڕووی وهڵگ دارانه‌ن
ته‌مه‌ن، گه‌رده‌لوول، باده‌ن، بارانه‌ن
بێزیای وارگه‌ی سه‌ر کۆسارانهن
هه‌وای سیاماڵ وێنه‌ی جارانه‌ن
په‌ی سه‌مت زه‌هاو زه‌رده و یارانه‌ن
هه‌و هه‌وو به‌و به‌و ته‌ڵمیت بارانه‌ن
گه‌رمیی به‌زم نه‌زم سه‌ر ههوارانهن
نزاره‌ی ڕای ڕاز شهکهروارانهن
فه‌سڵ سه‌یر سه‌ید میرشکارانهن
چ خێرهن نامه‌رد مهر جه خاوه‌نی
بێ خۆف جه لوای ڕای زههاوهنی
شۆ وه لای ئه‌و شۆخ جه‌مین په‌ڕه‌ی گوڵ
ده‌وای ده‌رد سه‌خت په‌ی ده‌رمان دڵ
مدیۆ وه فیرقه‌ی زه‌لیلان خێڵ
دیار نییه‌ن مه‌عدووم لۆنگ زه‌م وه پێڵ
مهپرسۆ حاڵم، ئێدش ده‌ر جواو
واچه ئه‌و فه‌قیر سفته‌ی دڵ که‌واو ...
(دیوانی مه‌وله‌وی، ل. 307 -308)
سه‌رئه‌نجام
لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم ئه‌و لێکدانه‌وه‌ی سۆران سنه‌یی که له "ڕسالهی عه‌شق"دا نووسیووییه و له سه‌ر مه‌وله‌وی باسی کردووه، بینووسمه‌وه:
"شێعری مه‌وله‌وی، ڕووبارێکه له ئه‌وین و میهرو خۆشه‌ویستی، له گله‌و سکاڵا، له‌باوه‌ڕ و هه‌ست و عه‌قڵ، هۆمێد و ناهۆمێدی، فرمێسک و هه‌نسک، شادی و خه‌م، جه‌ور و مه‌یل و ... شێعری مه‌وله‌وی، گوڵستانێکه، گوڵگهشتێکه، ئه‌سڵه‌ن بۆ خۆی جیهانێکی پڕ ڕه‌مز و ڕاز و دڵگهشێنه که پڕپڕه له حوسن و جوانی و دڵڕفێنی. سه‌رئه‌نجام، شێعری مه‌وله‌وی له خاکی عیشق دا ڕیشه‌ی داکوتاوه و ته‌رزی پێکاوه"
بهههڵسهنگاندنێکی خێرا و سه‌رپێیانه‌دا به نێو به‌رهه‌می لیریکای مه‌وله‌وی له‌گه‌ڵ شیعری گۆرانی و کوردی به‌گشتی و ئه‌ده‌بی کلاسیکی شاعیرانی کوردی و دراوسێدا، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ که مه‌وله‌وی شاعیرێکی هه‌ڵکه‌وتوو خاوه‌نی دنیای شیعری و داهێنانی نوێ وتایبه‌تی خۆی بووه.
مه‌وله‌وی لیریکای خۆی به گیانێکی زۆر نۆییوه نووسیووه و بابه‌تی شیعری کلاسیکی کوردی به‌رفراوان و ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه. شاعیر بابه‌تی غه‌زه‌له‌کانی گه‌شه پێداوه و شێواز و مه‌ودایه‌کی لیریکی نوێی پێداون. وه‌سپی سرووشت لای مه‌وله‌وی له ڕووی به‌ره‌و لووتکه چوون و کامل بوونه‌وه نرخ و بایه‌خێکی هونه‌ری ئێجگار گه‌وره‌ی هه‌یه. سرووشت بناخه‌یه‌کی پته‌وی وێنه شیعرییه‌کانی مه‌وله‌وی یه.
شاعیر فه‌رهه‌نگی شیعری کوردی به زاراوه و وێنه‌ی نوێ ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه. مه‌وله‌وی شاره‌زایه‌کی گه‌وره‌ی فۆلکلۆری کوردی و ئه‌ده‌بی کوردی بووه و کارامانه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ته‌عبیری هونه‌ریی نوێ و مشت و ماڵ کردن و زاخاودانهوهی که‌ره‌سه‌ی ده‌ربڕینی شیعری کوردی سوودی لێ وه‌رگرتوون و به کاری هێناون.
نووسینی: حه‌مید ته‌یموری
سه‌رچاوه‌کان:
1. مێژووی وێژه‌ی کوردی، له نووسینی سه‌دیق بۆره‌که‌یی (سه‌فی زاده)
2. لیریکای شاعیری گه‌وره‌ی کورد مه‌وله‌وی(به دیالێکتی گۆرانی)، ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د
3. مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی، علائه‌دین سجادی
4. دیوانی مه‌وله‌وی، کوکردنهوهو، لێکۆڵینه‌وه‌و لێکدانه‌وه، مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕێس
5. ڕساڵهی عشق (له مه‌وله‌وی ناسی دا)، له نووسینی سۆران سنه‌یی، ساڵی چاپ 1991